بیرۆڕای گشتی جیهان
کۆڕ و کۆمەڵەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ
دەوڵەتانی ئازاد و دێموکرات
هەموو خەباتکارانی ڕێگەی دێموکراسی و بەرابەری ژنان و پیاوان
کۆماری ئیسلامی ئێران کە ئەمساڵ ڕێکۆردی هەموو ساڵانی پێشووتری خۆی لەڕووی جێبەجێکردنی سزای ئێعدام بەسەر بەندکراوانی مەحکوم بە ئێعدامدا لێداوە و ئەو ماشێنی کووشتارە هەر درێژەی هەیە، لە دوایەمین بڕیاڕی بەناو دادگای تێهەڵچوونەوەدا سزای لەسێدارەدانی ژنە چالاکی کورد، پەخشان عەزیزی بۆ جارێکی دیکە پەسەند کردەوە.
بۆ هەموو لایەک ئاشکرا و ڕوونە و ئاماری ڕێکخراوە جیهانی و کوردستانییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤیش ئەوەمان پێدەڵێت، کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر بێبەزەییانە و دژ بە هەموو بایەخ و نۆڕمەکانی جیهانی مۆدێڕن و جاڕنامەی گشتی مافەکانی مرۆڤ، هەر لەسەرەتای هاتنەسەر کارییەوە لەشکرێک کادری سەربازی و عەقیدەتی ئینسانکووژیی لەژێر ناوی دادوەر و لە دادگاکانی بەناو شۆڕشدا بەردایە گیانی ئازادیخوازانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوە ژێردەستەکانیتر و هەموو ئازادیخوازێک کە لە جوغڕافیای ئێراندا دەژی.
لەو نێوەداو بەتایبەت لە دوای شۆڕشی پێشکەوتنخوازانەی ژن ژیان ئازادیدا کە چەخماخەکەی لەوێشدا ئێعدام بە باتوومی! کچێکی کورد بوو، ڕژیمی مەلاکانی ئێران سەرەڕای ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی و ئازدیخوازان تیژتر لەجاران بەردەوامبوون و بەردەوامن لە ئێعدامی جیابیران و تێکۆشەرانی مافەکانی ژنان و دێموکراسی.
ڕێکخراوی قەڵای دمدم وێڕای مەحکومکردنی بڕیاڕی دادگای تێهەڵچوونەوەی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ پتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی ژنە چالاکی کورد پەخشان عەزیزی، داوا لە کۆڕو کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ دەکات، دژ بەو بڕیاڕە ناڕەوایە دەنگهەڵبڕن و ڕێگە نەدەن ئینسانێکی بێتاوانی دیکە ژیانی لێ بهەستێندرێت.
ڕێکخراوی قەڵای دمدم داوا لەخەڵکی کوردستان دەکات بەهەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت دژ بەو بڕیارە هەڵوێست بنووێنن و بێگومانیشین لەوەی بەخەباتی پەخشان و وەریشە و زێنەبەکان سەرئەنجامی دیکتاتۆریی مەزهەبی کۆماری ئیسلامی بە ئاقاری هەموو ڕژیمە دیکتاتۆرەکانی جیهان دەبات.
سەرۆکی ڕێکخراوی قەڵای دمدم
یۆنس مینەزادە